@dengek21: لە فیلمی (مەتری شەش و نیو) لە یەکێک لە گفتوگۆکاندا ئەکتەری گەورەی کورد (نەویدی محمەدزادە) کە رۆڵی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەبینێت ،دەڵێت :- (هەموو شتێکم بۆ ڕۆیشتن بۆ ئەودونیا ئامادە کردبوو ، کاتژمێرێک پێشتر ، نزیکەی ١١ دەنک حەبم خواردبوو ، لەوەدا بووم بەیەکجاری بڕۆم ، ئەگەر چەند خولەکێک درەنگ تر بهاتنایە ، کاری من ئێستا لەو دونیابوو ، بەوە دەسوتێم نەتانهێشت بمرم ، زیندوتان کردمەوە ، بۆ ئەوەی خۆتان بمکوژن.) من خۆم مردبووم ، وەختێک ، گەڵای شویت و پونگە و تەرخونم لە عەلوە و تەڕەوار بە تازەیی دەهێنا و لەبەر چاومدا ئەژاکیان و بەسەر عەلاگەدا زاخە و سیس دەبوون و کەس لێی نەدەکڕیم. من مردبووم .. وەختێک بەیانیان لەماڵەوە سەهۆڵم ئەبرد بۆ شوێنی کارەکەم و ئەتوایەوە ، پارەم پێ نەبوو دوو دەبە ئاوی ساردی پێ بکڕم. من مردبووم ، وەختێک چۆلەکەم لەبەهاردا دەبینی لەسەر دار تێلەکان گۆرانیان بۆ یەکتری دەگوت ،بە دەندوکیان پوشیانە دەکرد بەهێلانە ، بەڵام براکەم لەبەر بێ پارەیی نەیتوانی هۆدەیەک بۆ ئەو کچە بگرێت کە خۆشی دەویست. من مردبووم .. وەختێک ئەو کچانەم دەبینی بە نابەدڵی شویان بەو پیاوانە دەکرد و لەگەڵیان دەخەوتن کە هەرگیز خۆشیان نەدەویستن. من مردبووم .. وەختێک نیوەی گەڕەکەکەمان کۆبووینەوە ، بۆ ئەوەی بچین تەکلیفی محاویلەیەکی کارەبا بکەین بۆ کۆڵانەکەمان و نەیانداینێ. من مردبووم ،وەختێک لەناو پاقلەی تەڕدا ، هەزار دەنک ڕاز و نهێنی لەگەڵ سەرمدا قسەیان دەکرد ، خەفەتی ئەو پاکیزانەی ژیان کردنی بەسۆزانی ، هی ئەوانەی ڕۆژگار کردنی بە شت ، من خەریک بوو ئەمردم بای ئەوەندە دەنکە حەبی مەراقی ئەم ژیانەم خواردبوو ئەگەر ، یەک تۆز درەنگ تر بگەیشتنایە ئێستا کاری ئێمە لە شوێنێکی تر بوو. .......... (ئەڵێن فەزیلەت ئەوە نییە کە بەردێک لە بازاڕدا بگریتە زیناکارێک ، بەڵکو فەزیلەت ئەوەیە ، کێ عەباکەی دادەکەنێت و دەیداتە بەر بەردەکان و پێیان دەڵێت لێگەڕێن با خودا خۆی سزای بدات) من مردبووم .. وەختێک ئەو هەموو سەگە دەست شکاو و قاچ شکاوەم بینی بێ ئەوەی زینایەکیان کردبێ ، بەرد باران دەکران ، هیچ دایک و باوکێک عەباکەی دانەکەند و بیدات بەسەر بێزامانێکدا و بە منداڵەکەی بلێت بۆ وادەکەیت ؟ .................... عەللاگەیەکی بەتاڵم ناوە بەلادەممەوە و تەماشای قاچی ئەو مرۆڤانە دەکەم، کە بەمردووی دەگەڕێن. من مردبووم .. وەختێک دادوەر پێی وتم (پانزە مسقاڵی) پیشەکی و (بیستی پاشەکی) لە ئەستۆدایە و کەچی ئێمە بە دوای هەرزانترین خانووی کرێدا دەگەڕاین. من مردبووم .. وەختێک بیست ساڵی ڕێک لە کرێچیدا بووم ، وتیان زەوییەکت بۆ دەرچووە ، نەک خزمەتگوزاری تەنانەت قەلەباچکەش بۆ ریقنە کردن تیایدا نانیشێتەوە. لەسەر کێڵی گۆڕەکەم .. بنووسن (ئەم بەندەی خوایە ، تەنها مرۆڤ بوو کە دەیویست بمرێت ، بەڵام نەیانهێشت ، بمرێت ، هەموو جارێک بە موچەیەک ، بە سەد مەتر بەردەڵان ، بە هاواری سەگێک ، بەگریانی ئەوانەی ئەیانووسیت جیاببنەوە، زیندوویان ئەکردەوە ، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێکی مردن بێت) ئەمە کێلی زانایەکی ناودار نەبوو ، هی پاڵەوانێکی گەلیش نەبوو ، کێلی مرۆڤێکە یانزە هەزار دەنک مەراق و کوڵی هەبوو ، رۆژانە دەیخوارد ، بۆ ئەوەی بروات ، هێشتیانەوە بۆ ئەوەی وەک حیکایەتخوانێک چیرۆک بگێڕێتەوە. چیرۆکی ئەو شۆفێری تەکسیانەی لەسەر سوکانی ماشێنەکانیان دەستیان بە سمێڵیان دەهێناو نەفەرێک نەبوو. هی ئەو گەنجانەی لە دەریادا لە ناو چووپدا بوون و وشکانی نەبوو ، هی ئەو نیشتیمانەی بەدوای ئارامیدا دەگەڕا و هەدا و ئۆخژنی نەبوو. .................... ئەڵێن (مەلای مەشهورە) وەسییەتی کرد کە مرد بە پێوە بینێژن ، بە شێوەی ستوونی. خەڵک وتیان مەلا بۆخاتری خوا ئەوە چ وەسییەتێکە؟ مەلای مەشهورە وتی (بۆ ئەوەی کە خەڵک زیندوو کرایەوە ، تا ئەوان هەڵئەستنەوە و خۆیان ڕێک ئەکەنەوە ، من حازر بم بۆ ڕاکردن بۆ دیوانی خودا) لە دیوانی خودا رەنگە قسە زۆربێت ، بەڵام تەنانەت پشتگیرییەکیشمان نەبوو زوتر بۆ ئەو دونیاش بەڕێمان بکەن ، لە (تاوان و سزا)ی (دۆسکۆفسکی)دا ،(راسکۆنیلیکۆف) کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ، تاوانبارێکە بەڵام نایەوێت خۆی بدات بەدەستەوە چونکە بیانوییەکی هەیە بۆ کوشتنی ژنێک ، بەڵام ئێمە بێ گوناهین و دەمانەوێت بەو پەڕی شادییەوە خۆمان رادەست بکەین ، چونکە لەسەری مرۆڤی ژیردا ، پرسیارەکە ئەوە نییە ، بۆ نەیانهێشت بژین ؟ بەڵکو ئەوەیە بۆ نەیانهێشت بڕۆین؟ کورد دەڵێت (ئاسکی نەگیراو زۆرە) ، خەیاڵی نەگیراو و نەگوتراو زۆرە بەڵام حاجی قادر گوتەنی :- (گەلێ قسەم لەدڵابوو، حیکایەتم مابوو کەچی لە بەختی کەچم ، خامە نووکی لێرە شکا) نوقتە سەری دێڕ.... هێمن عبدالقادر
دەنگێک
Region: IQ
Wednesday 18 November 2026 12:12:16 GMT
Music
Download
Comments
Bahroz Moein :
من مردم ئەو کاتەی تازە تەخەڕوجم کردبوو بە شەهادەیەکی بەرزی نەوتەوە لەناو بازاڕ بەدیار پسکیتەوە هاوارم دەکرد لەخەڵک بێن لێم بکڕن لە پێناو خێزانم و منداڵەکەم، بەزەیم بەخۆمدا دەهاتوە سەرم بەرز کردەوە بۆ ئاسمان گوتم خوایە من ئێرەم لە خەیاڵ نەبوو، باوڕکە مرۆڤ ئەوکاتە دەمرێ کە بەزەیی بەخۆیدا دێتەوە........ هەرگیز ئەوڕۆژانە لەبیرناکەم💔😔
2026-11-18 20:16:39
2
s_sharux01 :
نازانم ئایە ئەبێت گوناح نەبێت بڵێم ئەرێ خوایە هەر بەراست ئەمەم شایەن بوو؟ بەس ئاخ دەستەکەی شکاوم لە سەبر زیاتر هیچی ترم پێناکرێت🖤
2026-11-18 22:01:32
0
لوڕ :
بەردەوام بێ خامەی ڕەنگینت
2026-11-18 17:51:18
1
Qadr Bibani :
زۆر جوان دەنووسی .. تۆ بڵێی ئەم نووسیینانە نەبینین لە کتێبێکا ..
ڕاســـتە کە دەڵێن خەزنەش لە کەلاوەیە . چەند رۆژە نووسینەکانت دەخوێنمەوە .. ئەو پەری داهێنانە کردووتە هاورێ .. هۆگرت بووم ، دەســخۆۺ
2026-11-18 14:16:32
0
﮼لالۆ :
ئەی هاوار لە جوانی ئەم پۆستە🫠
2026-11-18 15:13:59
1
kurde :
هەربژی🥰
2026-11-18 14:47:52
1
Aso Yasen5 :
دەستت خۆش ئەوکاتەی بۆ نوسینەکانی تۆ بەکاریدێنم بەفیڕۆناچن
2026-11-18 20:12:25
0
✯𝑅𝖊b̸ꪖ✯ :
تایبەت 🖤🖤
2026-11-18 12:39:54
1
€ :
حەسودی لە ژیان خراپەیە بەڵـام رێگەم بە حەسودیت پێ ببەم بۆ ئەو ژیریەت بمبورە باوانم ♥️
2026-11-18 16:06:52
0
Abdurahman bakr :
راستەکات؛ بۆ خۆ کوشتن خۆی دەرمان خۆرکردبوو، کەچی دایان بەسەریا و زیندوویان کردەوە بۆ ئەوەی خۆیان بیکوژن! ئەو چێژ و رێز و رەوشت و وانەیەی لە فیلمێکی فارسیددا وەریدەگریت هاوشێوەیە بە یەک کتێب! جا ئەگەر نەویدد و کۆمەڵێک کەسایەتی تری تێدابوو؛ شاکارێکە بۆ خۆی.. .
2026-11-18 22:05:51
0
✯𝑅𝖊b̸ꪖ✯ :
🖤🖤🖤
2026-11-18 12:36:18
1
سەنتەری سروشتی علی جاف :
❤️❤️
2026-11-18 16:35:58
1
rawand.jamalll :
👏🏻🖤
2026-11-18 14:06:11
1
✯𝑅𝖊b̸ꪖ✯ :
🖤🖤🖤🖤
2026-11-18 12:36:15
1
eman 🤍🦋 :
💔
2026-11-18 15:41:26
0
Ballak :
🥰🥰🥰
2026-11-18 17:32:56
0
To see more videos from user @dengek21, please go to the Tikwm
homepage.